چی بکەین بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەی کۆرۆنا ؟

سفين سوارة سعدي
قوتابی بەشی زانستی کۆمپیوتەر
قۆناخی چوارەم
زانکۆی جیھان - ھەولێر

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یاخود دەست نیشان کردنی یەکەم حاڵەتی تووشبون بەم ڤایرۆسە لە چین، دواتر بڵاو بوونەوەی کۆرۆنا بە تەواوی جیهان، وڵاتان دوو ڕێگایان بە کار هێنا بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

ڕێگای یەکەم

داخستنی ووڵات و مانەوەی خەڵک لە ماڵەوە

ئەم ڕێگایە بە یەکێک لە باشترین ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دادەنرێت لە ئێستا لە زۆربەی ووڵاتانی جیهان بەکوردستانیشەوە جێ بەجێی دەکرێت جگە لە چەند وڵاتێکی کەم.

سوودەکانی ئەم ڕێگایە ئەوەیە کە دەبێتە هۆی هێواشکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆمەڵگا، تەنانەت تاوەکو تەواو ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی بۆ ماوەیەکی (کاتی) تاوەکو دۆزینەوەی چارەسەر یاخود دۆزینەوەی ڤاکسین.

بەڵام ئەو ڕێگایە دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری بۆ ئەو کەسانەی هەژارن یاخود لە چینی مام ناوەندن و ڕێژەی برسیەتی لە وڵات بەرز دەکاتەوە.

ڕێگای دووەم:

(herd immunity) مناعة قطيعية

درووستکردنی بەرگری گشتی لەش لە کۆمەڵگا

ئەم ڕیگایە بریتیە لە درووستکردنی بەرگری لەش دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە کۆمەڵگا لە ڕێگەی تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە و چاکبوونەوەیان.

لەم ڕێگایە پێویستە ئەو چینەی کۆمەڵگا کە بەرگەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە ناگرن وەک( بەساڵاچووان ،ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، ئەوانەی بەرگریی لەشیان لاوازە ) لە کۆمەڵگا جیا بکرێنەوەو لەماڵەوە بمێننەوە. لەهەمان کاتدا چینەکانی تری کۆمەڵگا بەردەوام دەبن لە ژیانی ئاسایی بەپێی ڕێنمایی تەندروستی (دوورکەوتنەوە لە قەڵەباڵغی ومانەوە لە ماڵەوە لە کاتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە بە نیشانەی سوک، ئەوانەی نیشانەی بەهێزیان هەیە دەگوازرێنەوە نەخۆشخانە). بەم شێوە بەرەبەرە ئەو چینەی کۆمەڵگا کە بەردەوامن لە ژیان تووشی ڤایرۆسەکە دەبن وچاک دەبنەوەو بەرگری دژی ڤایرۆسەکە پەیدادەکەن. بەمەش بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بەرگری دژی ڤایرۆسەکە پەیدادەکات وە مەترسی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ ئەو کەسانەی بەرگرییان نیە نامێنێت و بەمەش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە دەوەستێت.

جێبەجێکردنی ئەم ڕێگایە پیویستی بە کۆمەڵگایەکی گوێرایەڵ و سیستەمێکی تەندرووستی بەهێز هەیە.

ئایا کام ڕێگا گونجاوە بۆ کوردستان ؟

کوردستان لە سەرەتاوە تا ئێستا ڕێگای یەکەمی بە کار هێناوە، تا ئێستا سەرکەوتوو بووە بەڵام تا کەی دەتوانێت بەردەوام بێت. تا ئێستا دیار نیە کەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کۆتایی دێت، کاتەکەی نادیارە، ڕەنگە تا ساڵی نوێ یاخود زیاتر بتواندرێت چارەسەر یاخود ڤاکسین بدۆزرێتەوە.

بۆیە ناتوانێت لەسەر ئەو ڕێگایە بەردەوام بێت چونکە خەڵکێکی زۆر پێداویستی ڕۆژانەیان بە کاری ڕۆژانە دابین دەکەن.

بۆ ڕێگای دووەمیش ئەگەر کوردستان بیەوێت بە کاری بێنێت زۆر ئەستەمە بتوانرێت، چونکە ئەم ڕێگایە سەرەتا لەلایەن ووڵاتی بەریتانیاوە تاقیکرایەوە بەڵام بەهۆی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی بارودۆخەکە گەڕانەوە بۆ ڕێگای یەکەم.

بۆیە تاقی کردنەوەی ئەم ڕێگایە بۆ کوردستان گونجاو نیە.

چونکە پێویستی بە سیستەمی تەندرووستی تۆکمەوە هەیە. خەڵکەکەشی بەشێوەیەکی باش گوێڕایەڵی رێنماییە تەندرووستیەکان نابن. بۆیە تاکە ڕێگا بۆ کوردستان مانەوە لە ماڵەوە و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانە، بەڵام وەک ئاماژەی پێکرا ئەمەش زیانی زۆر دەبێت بۆ خەڵکی هەژار.

کەواتە چی بکرێت ؟

پێویستە هەردوو ڕێگا بەیەکەوە لە کوردستان جێبەجێ بکرێت.

مانەوە لە ماڵ بەردەوامی هەبێت بەڵام هێواش هێواش ژیانی ئاسایی بگەڕێندرێتەوە، بە مەرجی بڵاو کردنەوەی هۆشیاری تەواوی تەندرووستی و جێبەجێ کردنی لە لایەن خەڵکەوە، وە کار کردن لەسەر بە بازاڕ کردنی ئۆنلاین و گرنگی دان بە سیستەمی ئۆنلاین بۆ ناوەندەکانی خوێندن و کارکردن لەسەر بە ئەلیکترۆنی کردنی دام و دەزگایەکان.