پاڵپشتییە یاساییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا

دیار عەزیز مستەفا
بەشی یاسا
قوتابی قۆناغی چوارەمی
زانکۆی جیهان - هەولێر

لە ئيَستادا کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو بووەتەوە، کۆمەڵێک ڕێوشوێن دەبینین کە لە لایەن وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتە بەر. ئایا ئەم ڕێوشوێنانە تاچەند پشتیوانیی قانوونییان هەیە و لە کوێدا پێویستە بۆ زیاتر گەرەنتیکردنی ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ماددەی نوێی یاسایی جێبەجێ بکرێت. دەسەڵاتە یاساییەکانی وەزیری تەندروستی - بە گوێرەی ماددە ٤٦ی قانونی تەندروستیی گشتیی ژمارە ٨٩ی ساڵی ١٩٨١ی عێراقی، وەزیری تەندروستی یان هەر کەسێک کە تەخویلی دەکات، بە بەیاننامەیەک، هەر شارێک یان هەر بەشێک لە شارێک وەک ناوچەی سەرچاوەی یەکێک لەو نەخۆشییانە رابگەیەنێت کە دەکەوێتە ژێر لائیحەی تەندروستیی نێودەوڵەتی. بەپێی بڕگەی دووەمی هەمان ماددە، دەسەڵاتەکان لەم حاڵەتەدا دەبێت بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، هەموو ڕێوشوێنێک بگرنە بەر، بۆ نموونەش ئاماژە بەم خاڵانە دراوە: أ– کۆت و بەندکردنی جووڵەی هاووڵاتیان لەنێو ئەو ناوچەیە و چوونە ناوەوە و هاتنە دەرەوە لە ناوچەکە. ب– داخستنی شوێنە گشتییەکانی وەک سینەما و قاوەخانە و چێشتخانە و هۆتێل و گەرماوەکان و هەر شوێنێکی گشتیی دیکە، لەگەڵ داخستنی دامەزراوە فێرکارییەکان و کارگەکان و پڕۆژە و دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی گشتی و تێکەڵ و تایبەت. ج- قەدەغەکردنی فرۆشتنی خواردن و خواردنەوە و ساردەمەنی و بەفر و گواستنەوەی لە ناوچەیەکەوە بۆ شوێنێکی دیکە و لەناوبردنی پیسبووەکان. د– دابڕاندن و چاودێریکردن و گواستنەوەی ئاژەڵەکان و کاڵاکان. دەستگرتن بەسەر ئامرازی گواستنەوە یان باڵاخانە لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە: بەپێی ماددە ٤٧ی هەمان یاسا، وەزیری تەندروستی یان ئەو کەسەی تەخویلی دەکات، بۆی هەیە لە بەیانێکدا لە کاتی بڵاوبوونەوەی یەکێک لەو نەخۆشییانەی کە دەکەونە ژێر لائیحەی تەندروستیی نێودەوڵەتی، دەست بەسەر هەر ئامرازێکی گواستنەوە یان هەر باڵاخانەیەکدا بگرێت، یان بانگی هەر کەسێک بکات تاوەکوو بەشداری لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە تەندروستییەدا بکات، لە بەیانەکەشدا ماوەیەک دیاری بکرێت و بۆ خاوەنی ئامرازەکانی گواستنەوەی تایبەت و ئەو کەسانەی کە کاریان پێ دەکرێت، کرێیەک بدرێت کە لایەنە تەندروستییەکان بەپێی پێناسەی دیاریکردنی کرێ لە ناوچەکەدا، بڕەکەی دیاری بکەن. ماددەکانی وەک ٤٩ی یاسای تەندروستیی گشتیش دەسەڵات بە لایەنی پزیشکی دەدات کە دەست بەسەر هەر کەلوپەلێکدا بگرن کە گومانی ئەوەی لێدەکەن بە ڤایرۆسەکە پیس بوون و ڕێکارەکانی لەناوبردنی کەلوپەلەکانیشی دیاری کردووە. - دۆخی هاووڵاتیان: سەرەتا دەبێ باس لەوە بکەین کە بەشێک لە پابەندییەکان لە ئەنجامی ئەم ڕێکارانەی کە حکوومەت وەک خاوەنی دەسەڵات و سیادە بڕیاری لێداوە، جێبەجێکردنیان مەحاڵ بووە و ئەو کەسانەی کە بەهۆی هەر گرێبەستێکەوە پابەندییەکیان خستووەتە سەر خۆیان، بەپێی یاسا، مافی ئەوەیان پێدراوە بەشێک لە پابەندییەکانیان کەم بکەنەوە، بۆ ئەمەش ماددە ١٦٨ لە یاسای شارستانیی عێراقی ژمارە ٤٠ی ساڵی ١٩٥١، ئاماژە بەوە دەدات کە (ئەگەر بۆ مولتەزیم لە عەقددا مەحاڵ بوو ئیلتزامەکەی وەک خۆی جێبەجێ بکات، ئەوا لەسەریەتی لەبەرامبەر پابەندنەبوونی بە ئیلتزامەکەی، قەرەبوو بدات، ئەگەر نەتوانێت بسەلمێنێت کە مەحاڵبوونی جێبەجێکردنی عەقدەکە بەهۆکاری دەرەکییە و دەستی تێدا نییە، حوکمەکە بە هەمان شێوە دەبێت ئەگەر مولتەزیم لە جێبەجێکردنی ئیلتزامەکەی دوابکەوێت). لێرەدا بەکارهێنانی دەستەواژەی (لا يد له فیه) ئەو قوە قاهیرەیەیە کە ئێستا لە کوردستاندا هەیە و مەدین بەهۆی ئەو ڕێوشوێنانەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هەیە، ڕەنگە نەیتوانیبێت پابەندییەکانی بە تەواوی جێبەجێ بکات و سەلماندنیشی ئاسانە. هەروەها مادە ٢١١ جەخت دەکاتەوە کە (ئەگەر کەسێک سەلماندی کە ئەو زەرەرەی دروست بووە، بە هۆکارێکی بیانییە و دەستی تێدا نییە، وەک کارەساتێکی ئاسمانی، یان ڕووداوێکی لەناکاو یان قوە قاهیرە یان کاری کەسێکیتر، یان هەڵەی کەسە زەرەرمەندەکە خۆی، پابەند نییە بە زەمان، مادام دەقێکی قانون یان ڕێککەوتنێک نەبێت بەپێچەوانەی ئەمە). هەڵبەت ماددەکانی ٢٥٩ و ٨٣٧یش هەمان یاسا باسی حاڵەتی دیکەی جۆراوجۆری پەیوەندیدار بە قوە قاهیرە بکەن. هەروەها بڕگەی یەکەمی ماددە ٤٦ لە قانونی نقل ژمارە ٨٠ی ساڵی ١٩٨٣ ئاماژەی بەوە داوە: “(ناقل زامنی سەلامەتیی ئەو شتەیە کە دەیگوازێتەوە لە چوارچێوەی عەقدی نەقڵ، بەرپرسیش دەبێت لە هەر زەرەرێک کە بەر شتەکە دەکەوێت و نابێت بەرپرسیارێتیی لەناوچوونی شتەکە یان نەمانی یان دواکەوتنی لە تەسلیمکردنی شتەکەی لەسەر لابدرێت، تەنیا مەگەر بسەلمێنێت کە هۆکارەکەی قوە قاهیرەیە یان عەیبێکە لە خودی شتەکە یان هەڵەی ئەوەی ناردوویەتی یان ئەوەی بۆی نێردراوە).
لێرە دەردەکەوێت کە ئەو کەسانەی عەقدی گواستنەوەی کاڵایەکیان کردووە و لەم ماوەیەدا بەهۆی ئەو دۆخەی دروست بووە، نەیانتوانیوە کاڵاکە بگەیەنن، بەرپرسیارێتیی زەرەر و دواکەوتنەکەیان ناکەوێتە سەر. - بڕیارەکانی حکوومەت: هەرێمی کوردستان تائێستا باری نائاسایی رانەگەیاندووە، هەرچەندە بەپێی بڕگەی پێنجەم لە مادەی دەیەمی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەسەڵات بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دراوە، لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان کەوتە مەترسییەکەوە کە پەرلەمان نەتوانێت کۆببێتەوە، سەرۆکی هەرێم بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان، دەسەڵاتی دەرکردنی هەندێک بڕیاری هەیە کە هێزی یاساییان هەیە، بە مەرجێک ئەو بڕیارانە بخرێنە بەردەم یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمان. هەروەها بڕگەی هەشتەمی هەمان ماددە جەخت لەوە دەکاتەوە کەک جاڕدانی باری نائاسایی، لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دایە. ئەوەی تائێستا لە کوردستان کراوە، لە چوارچێوەی یاسای تەندروستیی گشتییە، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد. هەرچەندە لە عێراقدا و بەپێی بڕگەی نۆیەم لە ماددە ٦١ی دەستووری عێراقی، دەسەڵاتی راگەیاندنی باری لەناکاو یان نائاسایی بە ئەنجوومەنی نوێنەران دراوە لەسەر داواکارییەکی هاوبەی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق کە باری لەناکاوەکە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ دەبێت و دەکرێت درێژ بکرێتەوە، دەشبێت سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پاش تێپەڕبوونی ١٥ ڕۆژ بەسەر کۆتاییهاتنی ئەو بارە لەناکاوە، ئەو ڕێوشوێنانەی گرتوویانەتە بەر لەگەڵ دەرئەنجامەکانیان، بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران. - شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و بڵاوکردنەوەی پەتا: بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ، لە پێناو سنووردارکردنی بڵاوکردنەوەی پەتای کۆرۆنایە، چونکە مانەوەی خەڵکی لە دەرەوە، ئەگەری زیادبوونی تووشبوان بە پەتاکە زیاتر دەکات. لە یاسای سزادانی عێراقی ماددە ٣٦٨ ئاماژە بەوە دراوە کە (سزا دەدرێت بە حەبسکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە ٣ ساڵ، هەر کەسێک (بە مەبەست) کارێک بکات کە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی مەترسیدار زەرەر بە ژیانی تاکەکان بگەیەنێت. ئەگەریش لە ئەنجامی ئەو کارەی مرۆڤەکان مردن یان تووشی کەمئەندامییەک بوون، سزاکەیان هەمان سزای تاوانی (الضرب المفضي الى الموت او جريمة العاهة المستديمة) دەبێت بەپێی بارودۆخەکە. ماددە ٣٦٩ی یاسای سزادانیش باس لەو هەڵانە دەکات کە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی مەترسیدار کە زیان بە تەندروستیی خەڵک دەگەیەنن و لەم حاڵەتەدا سزاکە حەبسە بۆ ماوەیەک کە لە ساڵێک زیاتر نەبێت یان بڕە غەرامەیەکی دیاریکراوە، بەڵام لەمەشدا ئەگەر کەسەکان مردن یان تووشی کەمئەندامییەک بوون، ئەو کەسەی هەڵەکەی کردووە، هەمان سزای تاوانی (القتل خطأ او جريمة الايذاء خطأ) دەدرێت بەپێی بارودۆخ. لەبارەی ئەوانەی لە ماڵ دێنە دەرەوە، ڕەنگە ماددە ٢٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ تەکیفێکی زۆرتر گونجاو بێت کە باس لەوە دەکات (سزا دەدرێت بە حەبسکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە ٦ مانگ یان بە غەرامەیەک، هەر کەسێک کە سەرپێچیی فەرمانێک بکات کە لە فەرمانبەرێک یان راسپێردراوێک بە خزمەتی گشتی یان ئەنجوومەنی شارەوانی یان دەستە فەرمی و نیمچە فەرمییەکان بکات کە بەپێی ئەو دەسەڵاتە یاساییانەی پێیان دراوە بڕیارەکەیان دەرکردووە. - کەرەنتینە و یاسا: بەپێی مادە ٥٠ی یاسای تەندروستیی گشتی، لەسەر پزیشکی چارەسەرکار یان توێکار یان هەر هاووڵاتییەک پێویستە کە لە کاتی بوونی حاڵەتی نەخۆشییەکی گومانلێکراو لەو نەخۆشییانەی دەکەونە ژێر لائیحەی تەندروستیی دەولی یان مردنی کەسێک بەهۆیەوە، هەواڵ بە نزیکترین دامەزراوەی تەندروستیی دەولەت بدەن و لەسەر دامەزراوەکەشە دەستبەجێ ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر و لایەنی تەندروستیی تایبەتمەند لە وەزارەت ئاگادار بکاتەوە. ئەوەشمان بیر نەچێت کە بەپێی ماددە ٥١ی هەمان یاسا، لایەنی تەندروستی بە رەزامەندیی وەزیر یان ئەوەی کە تەخویلی دەکات، لە کاتی پێگەیشتنی زانیاری بە بوونی هەر نەخۆشییەکی گواستراوە یان گومانلێکراو، بۆی هەیە بچێتە هەر شوێنێکی نیشتەجێبوون یان محەلی عام یان هەر شوێنێکی دیکە بە مەبەستی پشکنینی تەندروستی و پشکنینی کەسەکان بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی نەخۆشییەکەیان هەیە یان نا، مافی ئەوەشی هەیە کە نموونە بۆ شیکاریی تاقیگەیی لەو کەسانە وەربگرن کە بەرکەوتەیان لەگەڵ نەخۆشەکە هەبووە یان گومانیان لێدەکرێت. بەڵام لە بڕگەی یەکەمی مادە ٥٢ی یاساکەدا باس لەوە دەکات کە هەر کەسێک گومانی لێبکرێت کە هەڵگری نەخۆشییەکە یان دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەک، لایەنە تەندروستییەکان مافی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستیان بۆ چاودێریکردن و جیاکردنەوە و دابڕینی هەیە بە مەبەستی پشکنینی و دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ ڤایرۆسێک لە لەشیدا هەیە یان نا و لە کاتی سەلماندنی ئەوەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، چارەسەر بکرێت. بڕگەی دووەمیش باس لەوە دەکات کە ژەمە خواردنەکان بە بێ بەرامبەر بە کەسی جیاکراوە و قەرەنتینەکراو دەدرێت بەپێی حوکمەکانی ئەم قانونە لە نەخۆشخانە یان لە هەر شوێنێکی دیکە کە لایەنە تەندروستییەکان وەک دابڕینگەیەکی پزیشکی دیاری بکەن. - یاسا و ڕێکارەکانی مردوانی کۆرۆنا: بەپێی مادە ٥٥ی یاسای تەندروستیی گشتی، ئەگەر کەسێک بەهۆی ئەو نەخۆشییە گواستراوەیەوە مرد کە لە لائیحەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا ئاماژەی پێدراوە، نابێت کەلوپەلی ناوماڵەکەی (مفروشات) و جلوبەرگەکانی کە لە کاتی نەخۆشییەکەیدا بەکاری هێناوە بفرۆشرێتەوە، بەڵکو لە لایەن لێژنەیەکی تەندروستیی تایبەتمەندەوە لەناو دەبردرێت. لە مادە ٥٩ی هەمان یاساش باس لەوە کراوە کە ئەگەر کەسێک بەهۆی یەکێک لەو نەخۆشییە گواستراوانەی دەکەونە چوارچێوەی لائیحەی تەندروستیی نێودەوڵەتی، مرد، نابێت تەرمەکەی بگوازرێتەوە تا دوو ساڵ بەسەر تاریخی ناشتنیدا تێپەڕ دەبێت، بە مەرجێک مۆڵەتی تایبەت لە لایەنی تەندروستی وەربگیرێت. ئەم بڕگە و ماددانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا، بەشێکن لەو پاڵپشتییە یاساییانەی کە دەسەڵاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمەکەمان.