بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی دامەزراوەکان لە سەردەمی کۆڤید-١٩ دا.

م.ی. مروان وهاب محمد
بەشی ژمێریاری
زانکۆی جیھان - ھەولێر

لە ئێستادا جیهان دووچاری پەتایەک بۆتەوە کە ناوی لێنراوە کۆڤید نۆزدە، کەوا بۆ یەکەم جار لە شاری ووهانی کۆماری چینی میللی بەڵاوبۆیەوە. کۆڤید نۆزدە زۆربەی هەرە زۆری کەرەتەکانی پەکخست، هەر لە کەرتی پیشەسازی ئۆتۆمبێل،کەرتی فرۆکەوانی، بازرگانی دەرەکی،بازاڕی ئاڵوگۆری پشکە داراییەکان، وە هەروەها داڕمانی نرخی نەوت بە هۆی کەمبوونەوەی خواست و کەمبوونەوەی کڕیار. کرۆکی ئەم ووتارە ناچێتە سەر باسی کۆڤید نۆزدە کە چیە، بەڵکو هەوڵئەدات تیشک بخاتە سەر ڕۆڵی بەرپرسیارییەتی کۆمەڵاتی دامەزراوەکان و سیستەمی ژمێریاری، وە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی سەر کۆمەڵگا و ووڵات بەگشتی.

چەمک و زاراوەی بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی دامەزراوەکان یا کۆمپانیاکان گەشەی سەندووە و شکلی خۆی وەرگرتەوە لەوەتی ساڵی ١٩٥٠ کانەوە" philanthropic "بەشێوەی کاری مرۆیی و خێرخوازی کەوا کۆمپانیاکان و دامەزراوەکان هاوکاری و پیتاکەکانیان دەبەخشی بە ناوەندە خێرخوازەییەکان یا هەر کارێکی تری مرۆیی.کەوایە " corporate social responsibility" بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی دامەزراوەکان جۆرێکە لە کاری تایبەتی خود ڕێکخراوەی نێودەوڵەتی کە بە ئامانجی ئەوەی هاریکاری کۆمەڵاتی و خێرخوازی و وە سروشتی کاری خێرخوازی پێشکەش بەوانە بکەن کە کە پێویستیانە وە بەشێوەیەکی ئەخلاقی، ڕەوشتی و مۆراڵی پیادەی کەن، هەم لەگەڵ خەڵک و کرێکار و کارمەند هەم لەگەڵ ژینگە و پاراستنی هاوسەنگی ژینگەی و ئابوری.

لەبەر ئەوەی پەتای کۆڤید نۆزدە، وە پێوانەکان بۆ سیستەمی ئابووری جیهانی بەشێوەیەکی کرداری خاوبۆتەوە وە پازیداوەتە بازنەی سستی ئابوری ، کە ڕەنگە ئەگەر درێژە بکێشێت قەیرانی گەورەی ئابوری و دارای لێبکەوێتەوە و لێکەوتەکانی بۆ چەندین ساڵ ساڕێژ نەبن. لەم سۆنگەیەوە ووڵاتە پێشکەوتووەکان هەڵساون بە دەستوەردانی ئابوری، بە واتایەکەی تر ، گۆرینی سیستەمی بازاڕی ئازادی سەرمایەداری" free market system" بۆ سیستمەی ئابوری دەستێوەردراو" command economic system"، کە هەرچەندە ڕەنگە بە شێوەیەکی کاتی بێت. بۆ نموونە، وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بودجەیەکی بە گوژمەی (٢.٢) تریلیۆن دۆلار وەک پاکێجی هاندانی ئابوری بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی بڵابونەوەی پەتای کۆڤید نۆزدە تەرخانکردووە، کە ئەوەش بە مانایەکی تر بۆ یارمەتی دانی؛ هاووڵاتیانی، کۆمپانیاکان،بازاڕی کاغەزە داراییەکان کە زیانیان بەرکەوتووە یا دەکەوێت، تاوەکو ئابورییەکەی سەقامگیر بێت لەم بارودۆخە وە تێپەڕاندنی. هەروەها ووڵاتی ئەڵمانیاش بە نزیکەیی تریلۆنێک دۆلار هاوکاری کۆمپانیاکانی و سەقامگیری ئابورییەکەی دەکات، بە نموونە کۆمپانیای ڤۆکس واگن بەشێکی زۆری ناوەندەکانی دروست کردن و بەستانی ئۆتۆمبێلی داخستووەو کارمەندەکانی ڕەوانەی ماڵەوە کردۆتەوە بە پێدانی لە ٦٠% مووچەکانیان. هەروەها دامەزراوەی بێل گەیتس نزیکەی (١٠٠) ملیۆن دۆلاری بەخشیوە بۆ ڕووبەروو بونەوەی پەتای کۆڕۆنا، سەرەڕایی ئەوەی زۆرێك لە کۆمپانیاکانی ئەو ووڵاتانە هاوکاری پێویستی ووڵاتەکەیان و هاونیشتمانیان کردووە لەم بارودۆخە. ئەگەر چی ئەو ووڵاتانە خاوەن ژێرخانێکی ئابوری بەهێزن و یەدەگی پێویستی دراویان هەیە بۆ ڕۆژی تەنگانە،وە لەگەڵ ئەوەی ژێرخانێکی دامەزراوەی بەهێزیان هەیە، بەڵام لە سەر بنەماکانی " بەردەوامی، بەرپرسیاریەتی، شفافیەت" کاردەکەن ، کە ئەوەش سێ بنەمای بنچینەیی بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی دامەزراوەکانە.

-بەردەوامی " Sustainability" : تیشک دەخاتە سەر ئەو بژاردانەی کە بەردەستن بۆ داهاتوو،وە تێکهەڵکێشان و یەکخستنی کاری ئابوری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی بۆ جێ بەجێکردن، بە ئاماژەیەکی تر " ڕاپۆرتی کۆتایی سێ لایەنە -' قازانج profit،خەڵک people ،گەردوونplanet".

-بەرپرسیاری " Accountability": بەرپرسیاری لە ژینگەی ناوخۆ و دەرەوە، وە خاوەن بەرژەوەندییەکان،وە وا پێویست دەکات دامەزراوە گەشە بە تێچووەکانی بدات و وە هەڵسەنگاندن بۆ سوودەکان بکات.

-شفافیەت " Transparency": شفافبوون لەگەڵ بەکارهێنەرانی ناوخۆی و دەرەکی، بڵاوکردنەوەی زانیاری ڕاست و دروست لە ڕێگەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ڕوون و وورد کە هەموو زانیارییەکان لە خۆ بگرێت "”full disclosure report.

زانستی ژمێریاری پەیوەندییەکی تۆکمەی هەیە لەگەڵ بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی دامەزراوەکان "Corporate Social Responsibility"، چونکە دامەزراوە داراییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە دیاریکردنی استقرار و ئاسایشی بازاڕە داراییەکان و بەردەوامی ئابووری نوێ و سەرچاوەی ئابوری نەتەوەیەک. لە دوای قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ زۆرێک لە کەرتی دارایی متمانەی دامەزراوەکانیان لەدەستدا لە چاوی بەکاربەران و وەبەرهێنەران. وە ئەو قەیرانە ئابوری و داراییانەش دروست بوون، بوونە هۆی کەمبوونەوەی متمانە بە دامەزراوە داراییەکان، کەمبوونەوەی وەبەرهیێنەران و سستی ئابوری. پاشان لە ڕێگەی بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی " Social Responsibility" کە وەکو ئامرازێک بەکارهات بۆ گێڕانەوەی متمانە بە دامەزراوە داراییەکان و بانکەکان. سیستەمی زانیاری ژمێریاری " Accounting information system" بەرپرسە لە کۆکردنەوەو پاشەکەوتکردن و چارەسەرکردنی داتای دارایی و ژمێریاری بەکارهاتوو بۆ ئیدارەی ناوخۆی تاوەکو بڕیاربدات، وە پەیوەندییەکی سروشتی هەیە لە نێوان بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی دامەزراوەکان و ژمێریاری، چونکە پیشەی ژمێریار بەرپرسیاریەتیەکی گشتی هەیە لە پێوانەکردنی زانیاری و دەرخستن و ضمانەتکردنی، هەموو ئەمانەش پەیوەندیدارن بە بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی دامەزراوەکان، چونکە ئامانج لێی تقییم و هەڵسەنگاندنی کاری ژینگەیی، کۆمەڵایەتی، حکومەتی و کۆمپانیاکانە بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە پێشکەشی دەکات لە ڕاپۆرتە داراییەکان و خستنەڕوو و دەرخستنی واقعە بە شفافی و بەرپرسیاریتیەوە.

ئەگەر چاوێک بە عێراق و کوردستان بخشێنین لە ڕوانگەی ژمێریاری و بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی دامەزراوەکانەوە، ئەوا دبینین کێشەی گەورەی هەن لە ڕووی " بەردەوامی ، بەرپرسیاریەتی، شفافیەت" ، چونکە بەگوێرەی ڕاپۆرتی شفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق یەکێکە لە ووڵاتە هەرە گەندەڵ و نا شفافەکان، لە ڕووی داراییشەوە پشتی بەستوە بە داهاتی فرۆشی نەوت، کە ئێستا نرخی زۆر لە خوارە و عێراق وکوردستان تووشی قەیرانی گەورە هاتوون ،سەرباری کاریگەییە نەرێنیەکانی پەتای کۆڤید-١٩. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمەڵێک دەزگای خێرخوازی و کۆمپانیا و خەڵکی خێرخواز کاردەکەن بە شێوازی جیاواز بۆ یارمەتیدانی خەڵکی و کۆمەڵگا.

وا پێویست دەکات لە ئێستا و دوای کۆڤید-١٩ هەردوو حکومەتی عێراق و کوردستان بە دروستی کار لەسەر بنەمای زانیاری ژمێریاری بکەن ،وە بە ڕەچاو کردنی بنەماکانی بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتی دامەزراوەکان ، تاوەکو کاریگەری قەیران و کارەساتەکان کەمتر دەرکەون.

References:· Carroll, A.B., 2008. A history of corporate social responsibility: Concepts and practices. The Oxford handbook of corporate social responsibility, pp.19-46· Fijałkowska, J., Zyznarska-Dworczak, B. and Garsztka, P., 2017. The relation between the CSR and the accounting information system data in Central and Eastern European (CEE) countries–the evidence of the Polish financial institutions. Accounting and Management Information Systems, 16(4), pp.490-521· Crowther, D. and Martinez, E.O., 2004. Corporate social responsibility: History and principles. Social responsibility world, pp.102-107.· https://www.forbes.com/sites/giacomotognini/2020/01/29/coronavirus-bill-gates-apple-and-jack-ma-donate-millions-to-fight-outbreak/#5fbb5796189f· https://www.transparency.org/country/IRQ